پڕۆژەی کارسازی شادمان

فرۆشی
تەلەفۆنی

چۆن لە ڕێی تەلەفۆنەوە زۆرترین فرۆش دروستبکەین؟

نووسین گەشتیار غەریب - گەشبین عەتا
دەست بە خوێندنەوە بکە
بەرگی پەڕتووکی فرۆشی تەلەفۆنی
سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن

داهات لە تەلەفۆندایە

مۆبایلەکەت بووەتە سەرچاوەی مامەڵەکانت! ئیتر ژیان گۆڕاوە. ئەگەر بزنست هەبێت بە مۆبایلەکەت لێکۆڵینەوە لەو بەرهەمە دەکەیت کە دەیانکڕیت، دواتریش لە ڕێی مۆبایلەکەتەوە دەیفرۆشیتەوە. بە دەست تۆ نییە، سەردەمەکە وایە بە بێ ویستی خۆت بەشێک لە فرۆشتنت لە تەلەفۆندایە.

لە ئێستادا، تەنانەت وەستایەکی چاککردنەوەی غەسالەش کڕیارەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات، دواتر وەستاکە سەردانی کڕیارەکەی دەکات. ئەمە بۆ عەقاراتێک و کۆمپانیایەکی گەشتوگوزاریی و تەنانەت شۆفێری تەکسییەکیش ڕاستە.

ئەگەر بزنست هەبێت دەبێت بتوانیت بفرۆشیت، ئەگەر فرۆشت نەبوو بزنست نییە... وەستایەکی گەچکار کاری گەچکاری نییە بەڵکو کارە سەرەکییەکەی فرۆشتنی گەچکارییە، وەک چۆن شێفێکیش کارەکەی خواردن دروستکردن نییە بەڵکو خواردن فرۆشتنە. جیهانی بزنس بێڕەحمە، یان دەفرۆشیت یان بزنسەکەت لە ناو دەچێت. فرۆشیش هاتووەتە مۆبایلەکەتەوە.

ئێمە لە کارسازی شادمان زۆر ورد لەوە تێگەشتووین، لەبەر ئەوە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەندین پەڕتووک و خولی جیاوازمان لەسەر فرۆشتن هەبووە.

ئەم ماوەیە تێگەشتین کاتی ئەوە هاتووە پەڕتووکێکمان لە بارەی فرۆشی تەلەفۆنیشەوە هەبێت بۆ هەوادارەکانی پڕۆژەکەمان. کتێبەکە ئەزموونی واقیعی خۆمانە کە لە ئەنجامی سەدان پرسیار و هەزاران پەیوەندیی تەلەفۆنیی پڕۆژەکەی خۆمانەوە بەدەستهاتووە.

ئەم کتێبەی بەردەستت کتێبێکی سەرەتایی نییە بۆ کەسێک گونجاو بێت کە هیچ لە فرۆشی تەلەفۆنی نازانێت، بەڵکو بۆ هەموو فرۆشیارەکانی تەلەفۆن دەبێت. ڕێنمایی زۆر وردی تێدایە کە بە درێژایی چەند ساڵێک خۆمان تێدا ژیاوین.

تەنها پێت دەڵێم تا کۆتایی بیخوێنەرەوە، بەڵێنت دەدەم کتێبەکە زۆر سادەیە و خوێندنەوەی زۆر ئاسانە و پڕیشە لە زانیاری ورد و دەقیق کە ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی کتێبەکە کاریگەری دەکاتە سەر فرۆشە تەلەفۆنییەکانتان.

بە بێ ویستی خۆت تەلەفۆن بەکاردەهێنیت

کاتێک دەڵێین فرۆشی تەلەفۆنی هەندێک وا دەزانن تەنها ئەو بزنستانە تەلەفۆن بەکاردێنن کە بەشی ناوەندی تەلەفۆن یان (وەک موسەقەفەکان دەڵێن Call Center)یان هەیە بۆ نموونە بەشی خزمەتگوزاری ئاسیاسێڵ. بەڵام ئێمە تەنها مەبەستمان ئەو بزنستانە نییە!

بە شێوەیەکی گشتی هەموو بزنسەکان بەشێک لە فرۆشەکانیان لە ناو تەلەفۆندا ئەنجام دەدرێت. وا بیر مەکەوە تۆ لە فرۆشی تەلەفۆنیدا نیت چونکە شوێنێکی تایبەت بە خۆتت هەیە و کڕیارەکان سەردانت دەکەن. مەڵێ خۆ من سەنتەری خزمەتگوزاریی ئاسیاسێڵم نییە فرۆشی تەلەفۆنیم بۆچییە.

مادام بزنست هەیە بەشێک لە بزنسەکەت لە تەلەفۆنەکەتدایە و ناچاریت فێری فرۆشی تەلەفۆنی ببیت.

کارەکە ئاسان نییە

دەکرێت بڵێیت ئاسانە، مۆبایلێکە دەیگرم بە دەستمەوە و قسە دەکەم، بەڵام دەبێت بزانیت ئەوەندە ئاسان نییە هاوڕێ گیان. فرۆشی تەلەفۆنی تەنها قسەکردن نییە زۆر شتە.

بەرامبەر تەلەفۆن دەکات تەنها وەڵامدانەوەی ناوێت بەڵکو دەیەوێت تۆ ڕازی بکەیت بەوەی بەرهەمەت بگرێت یان لانی کەم لە قۆناغی یەکەمدا، ڕازی بکەیت بەوەی سەردانت بکات.

ئەو کەسەی دەتوانێت لە تەلەفۆنەوە متمانە دروستبکات، دەتوانێت لە هەر بوارێکی تری ژیاندا سەرکەوتوو بێت چونکە تەلەفۆن قورسترە لە ڕووبەڕوو؛ چاوت لە بەرامبەرەکەت نییە و قسەشی بۆ دەکەیت. نازانیت چی دەکات و چ کەسایەتییەکی هەیە و لەو کاتەدا لە چ بارودۆخێکدایە بەڵام دەبێت ڕازی بکەیت.

مۆبایلەکەت تەنها ئامێرێک نییە بۆ قسەکردن و سەیرکردنی کورتە ڤیدیۆ، دەکرێت ببێتە ئامێرێک بۆ پارە پەیداکردن. ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر تۆش سەرکەوتنت بوێت بە دڵنیایی ئامادە دەبیت کەمێک سەختی قبوڵ بکەیت و مۆبایلەکەت بکەیتە سەرچاوەی داهات.

کەس ناتوانێت زۆرت لێبکات

با لەگەڵتدا زۆر ڕوون بم... هەرگیز وا بیرمەکەوە دەتوانیت هەموو شتێک بە هەموو کەسێک بفرۆشیت. ئەوە تەنها خەیاڵێکی جوانە بەڵام هەرگیز جێبەجێ نابێت. هیچ کاتێک ناگەیت بەوەی بەرهەمەکەت بە هەمووان بفرۆشیت.

ئایا کەس دەتوانێت بە زۆر تۆ ناچار بکات شتێک بکڕیت؟ بە دڵنیایی نەخێر، ئەگەر خۆت نەتەوێت کەس ناتوانێت ناچارت بکات بە کڕینی هیچ شتێک. ئەمەش مانای وایە تۆش ناتوانیت کەس ناچار بکەیت بەوەی بەرهەمەکەت بکڕێت، ئەو خەڵکەش هەر وەک تۆ وان.

بیکە بە یاسا: هەمووان کڕیاری تۆ نین و ناشبن.

هەندێک جار گوێمان لە هەندێک فرۆشیار دەبێت دەڵێت "من هەموو شتێک بە هەموو کەس دەفرۆشم" یان دەڵێت "خۆڵم بۆ بهێنن دەیفرۆشم". ئەم متمانە بە خۆبوونە شتێکی باشە و وا دەکات لە فرۆشدا سەرکەوتووتر بیت، بەڵام بە ڕەهایی ڕاست نییە. ئەگەر کەسێک نەیەوێت بەرهەمی بواری تۆ بکڕێت نایکرێت.

لە جێی ئەوەی هەوڵبدەیت بیسەلمێنیت تۆ فرۆشیارێکی بە توانایت و خۆت ماندوو بکەیت لەگەڵ کەسێکدا کە کڕیاری ڕاستەقینە نییە، هەوڵبدە ئەو کەسانە بدۆزەوە کە ئەگەری کڕینیان بەرزترە. دواتر کاریان لەسەر بکە تا ببنە کڕیار.

هەندێک فرۆشیار حەزدەکەن توانایی خۆیان بیسەلمێنن و خۆیان ماندوو بکەن لەگەڵ کەسێکی سەختدا و ڕازی بکەن بەوەی ببێتە کڕیار. زۆرینەی وزەکەیان لەو یەک کڕیارەدا خەرج دەکەن. لە کاتێکدا ئەو وزەیە ئەگەر لە کەسی تردا خەرج بکرایە ئەوا ڕەنگە لە جێی یەک کڕین ٥ کڕینی بکردایە.

لە جێی ئەوەی ١ مانگ کات بدەیت بە کەسێکی ناڕاست، ١ ڕۆژ کات بدە بە کەسێکی ڕاست و فرۆشەکە بکە.

دەزانم ئێستا دەپرسیت چۆن کەسە ڕاستەکە بدۆزمەوە؟ لە درێژەی کتێبەکەدا باسکراوە.

ترس لە پەیوەندیکردن

ترس هەستێکی سروشتی مرۆڤە و هەمووان هەیانە، بەڵام چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین؟

ترس هەستێکی سروشتییە و هەموو مرۆڤێک ترسی تێدایە. خودا وای دیزاین کردووین کە بە بێ ویستی خۆمان دەترسین. ئەمە بەشێکە لە ئێمە و ناچارین وەک واقیعێک قبووڵی بکەین.

لە ناو ئەو هەزاران ترسەی کە ڕۆژانە هەمانە یەکێک لە ترسانە ترسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا، ئیتر مامەڵەکە تەلەفۆنی بێت یان مامەڵەی ڕووبەڕوو. ئەمە جگە لەوەی کە لە بەشێک لە مرۆڤەکاندا ترس لە مۆبایلەکەیان هەیە؛ دەترسن لەوەی بە تەلەفۆن قسە بکەن و هەستێکی خۆشیان بۆ تەلەفۆن نییە.

ئەو کەسانەی کە لە زەنگی مۆبایلەکەیان دەترسن، هەوڵدەدەن بە نووسین و نامەی دەنگی پەیامەکانی خۆیان بگەیەننە بەرامبەر. هەر ئەوەی بەردەوام پشت بە نامە دەبەستن وا دەکات ڕاهێنان نەکەن لەسەر تەلەفۆنکردن و پەیوەندیی تەلەفۆنی شتێکی قورس بێت بۆیان.

هیچ گومانێکم لەوە نییە کە دەکرێت بە ڕاهێنان هەر کەسێک ببێتە فرۆشیارێکی تەلەفۆنی بەهێز، بەڵام دەمەوێت ئەو ڕاستییە بڵێم وا باش نییە هەمووان هەوڵ بدەن ببنە فرۆشیاری تەلەفۆنی.

فرۆش پیشەیەکە کە کەسێکی کراوە و ئارامی پێویستە کە بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا ڕابگرێت و قسەی زۆر نەکات، زیاتر گوێگر بێت تا بەرامبەر هەستێکی خۆشی هەبێت.

بە تایبەت فرۆشی تەلەفۆنی پیشەیەکی سەختترە، مەرج نییە هەمووان بتوانن سەرکەوتوو ببن؛ ئەگەر کەسێک نەتوانێت لەگەڵ تەلەفۆنکردندا خۆی بگونجێنێت زەحمەتە بتوانێت ئاستێکی بەرز درووستبکات.

ئامۆژگارییەکی گرنگ:

دەمەوێت پێت بڵێم ئەگەر کارمەندەکەت تەمەنی لە ٣٠ ساڵ زیاترە وە یەکێکە لەو کەسانەی کە کەمترین جار تەلەفۆن بەکاردەهێنێت و کە تەلەفۆنی بۆ دێت نایەوێت وەڵامی بداتەوە، ڕەنگە وا باش بێت فرۆشی تەلەفۆنی هەڵنەبژێریت بۆ ئەو کارمەندە چونکە ئاسان نییە تیایدا سەرکەوتوو ببێت.